ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز میخائیل باگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كرا، دەربڕی و جەختیان لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوون كە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پەرەی پێ بدەن بە تایبەت لە بواری ئابووری و كلتووری. هەروەها باسیان لە ڕێوڕەسمی ئەمڕۆی نمایشی کتێبی "نیشتمانی داستان، کەلتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسى" كرد كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیش بە چاپی گەیاندووە.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیای گاز پرۆم پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەیوەندییەكانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەربڕی و خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندی و هاوكارییە بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێكردن بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی نمایشی کتێبەكە و دوو پاتیكردەوە كە چالاكییە كلتوورییەكان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا توندوتۆڵتر دەكات و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەوەی كە لایەنی ڕووسی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر پەرە پێ بدات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نەبەردی و چاونەترسی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو شەڕەوە بارێكی ئابووری قورس كەوتۆتە سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەت كە هەر بەو هۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم كردووە كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەت دروست كردووە و سەرەڕای ئەمە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان وەك لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، نانێرێت و لەلایەكی دیكەشەوە دابەزینی نرخی نەوت ئەو بارگرانییەی هێندەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان قورس كرد. هیواشی خواست ڕووسیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە لە بوارە جیاجیاكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات